18
پۆڵس لە کۆرنسۆس
لەدوای ئەمە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت و هاتە کۆرنسۆس. لەوێ جولەکەیەکی دۆزییەوە بە ناوی ئەکیلا، خەڵکی پۆنتۆس* بوو، تازە لەگەڵ پریسکیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون، چونکە کلودیۆس فەرمانی دابوو هەموو جولەکە ڕۆما بەجێبهێڵن. پۆڵس ئیتر چووە لایان و بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد، چونکە پیشەیان چادر دروستکردن بوو. پۆڵس هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد و هەوڵی دەدا قەناعەت بە جولەکە و یۆنانییەکان بهێنێت.
کاتێک سیلا و تیمۆساوس لە مەکدۆنیاوە هاتن، پۆڵس خۆی بۆ خزمەتی پەیامی مەسیح تەرخان کرد و لەنێو جولەکەکاندا شایەتی دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە. بەڵام کاتێک دژایەتییان کرد و جنێویان پێدا، کراسەکەی تەکاند و پێی گوتن: «خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان! من بێتاوانم. لە ئێستاوە دەچمە لای ناجولەکەکان.»
ئیتر پۆڵس کەنیشتەکەی بەجێهێشت و چووە ماڵی پیاوێکی خواپەرست بە ناوی تیتیۆس یوستۆس، کە ماڵەکەی لەتەنیشت کەنیشتەوە بوو. کریسپۆسی پێشەوای کەنیشتەکە خۆی و خاووخێزانی باوەڕیان بە عیسای خاوەن شکۆ هێنا. هەروەها زۆر لە خەڵکی کۆرنسۆس کە گوێیان لە پۆڵس بوو باوەڕیان هێنا و لە ئاو هەڵکێشران.
قسە بکە و بێدەنگ مەبە
شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە، 10 چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.» 11 ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن.
12 لەو سەردەمەی گالیۆن فەرمانڕەوای ئەخایا§ بوو، جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا، 13 گوتیان: «ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.»
14 کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە، گالیۆن بە جولەکەکانی گوت: «جولەکەکان، ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت. 15 بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە، خۆتان تەماشای بکەن. نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.» 16 ئیتر لە دادگا دەریکردن. 17 ئیتر هەموو خەڵک سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا.
گەڕانەوەی پۆڵس بۆ ئەنتاکیا
18 پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. پاشان لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو. 19 کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس، پۆڵس پریسکیلا و ئەکیلای لەوێ بەجێهێشت و خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جولەکەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد. 20 ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام ڕازی نەبوو. 21 ئیتر ماڵئاوایی لێکردن و گوتی: «خودا حەز بکات دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.» ئینجا لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت. 22 لە بەندەری قەیسەرییە دابەزی، بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێسا کرد، ئینجا بەرەو خوار چوو بۆ ئەنتاکیا.
23 پۆڵس ماوەیەک لە ئەنتاکیا مایەوە و پاشان ڕۆیشت و لە ناوچەکانی گەلاتیا و فریجیا شوێن بە شوێن دەگەڕا، ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە.
24 جولەکەیەکی خەڵکی ئەسکەندەریە بە ناوی ئەپۆلۆس هات بۆ ئەفەسۆس، زمان پاراو و لە نووسراوە پیرۆزەکان شارەزا بوو. 25 فێری ڕێگای مەسیحی خاوەن شکۆ کرابوو، بە دڵگەرمی دەدوا و بە دروستی خەڵکی فێری پەیامی عیسا دەکرد، هەرچەندە تەنها لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیای دەزانی. 26 بە چاونەترسییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لە کەنیشت. کە پریسکیلا و ئەکیلا گوێیان لێی بوو، بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە.
27 کاتێک ئەپۆلۆس حەزی کرد بچێت بۆ ناوچەی ئەخایا، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێ بکەن. کاتێک هاتە ئەوێ، یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە باوەڕیان هێنابوو، 28 چونکە بە هێزەوە و بە گفتوگۆی ئاشکرا جولەکە بەرهەڵستکارەکانی بێدەنگ دەکرد، لە ڕێگەی نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەیسەلماند کە عیسا مەسیحەکەیە.
* 18:2 شوێنێکە دەکەوێتە کەناری دەریای ڕەش، لە باکووری تورکیای ئێستا. بڕوانە کردار 2:9‏ 18:2 ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی لە ساڵانی 41‏–55 ز.‏ 18:12 فەرمانڕەوای ئەخایا لە ساڵانی 51‏–52 ز، بە دادپەروەری بەناوبانگە.‏ § 18:12 باشووری یۆنان‏