2
ڕۆژی حەوتەم: کۆتایی بەدیهێنان
1 بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.
2 ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا.
3 خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا.
ئادەم و حەوا
4 ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.
5 هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات.
6 بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا.
7 جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
8 ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو.
9 یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لەناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
10 ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە:
11 ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە.
12 زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە.
13 ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا دەڕوات.
14 ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە، ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.
15 یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی.
16 یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت،
17 بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»
18 یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
19 یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو.
20 پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا.
بەڵام بۆ پیاوەکە هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.
21 لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە.
22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا هێنای بۆ لای پیاوەکە.
23 پیاوەکە گوتی:
«ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و
گۆشتە لە گۆشتم.
ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“
چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»
24 لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.
25 پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.