8
ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما
یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.*“» هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.
لە پێغەمبەرە ژن نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»
ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
ئاوی هێمنی شیلۆوەحی ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
ئاوی ڕووبارە§ بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
ئەی ئیمانوێل!»
 
ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.*
11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:
12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
مەتۆقە.
13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
دەبێ لەو بترسی،
لەو بتۆقی.
14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
دەبێت بە تەڵە و داو.
15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
دەکەون و تێکدەشکێن،
بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»
 
16 ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
17 چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
من پشت بەو دەبەستم.
18 ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.
تاریکی دەبێتە ڕووناکی
19 کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان و ڕۆح ئامادەکاران بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 20 بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 21 بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 22 ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»
* 8:1 مەهێر شالال حاش بەز: واتە خێرا بۆ تاڵانکردن.‏ 8:3 مەبەست لە ژنەکەی خۆیەتی کە ئەویش پێغەمبەر بووە.‏ 8:6 شیلۆوەح: هەمان ئاوی سیلوامە. بڕوانە نەحەمیا 3:15 و یۆحەنا 9:7‏.‏ § 8:7 واتە ڕووباری فورات.‏ * 8:10 عیبری: ئیمانوێل‏. بڕوانە 7‏:14 و مەتا 1:23‏‏.‏ 8:19 نێوانگرەکان: لێرە بەو واتایە دێت، ئەو کەسانە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرن لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏ 8:19 ڕۆح ئامادەکاران: بەو کەسانە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکەن. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28:3؛ 8–9‏‏.‏