سێیەم نامەی یۆحەنا
1
1 لە پیرەکەوە،
بۆ گایۆسی خۆشەویست کە لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت.
2 ئەی خۆشەویست، نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت، هەروەک دەروونت سەرکەوتووە.
3 زۆر دڵخۆش بووم بەوەی چەند برایەک هاتن و شایەتی دڵسۆزی تۆیان بۆ ڕاستی دا، هەروەک بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆیت.
4 خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.
5 خۆشەویست، تۆ بە دڵسۆزییەوە هەموو شتێک بۆ خوشکان و برایان دەکەیت، بە تایبەتی بۆ نامۆکان.
6 ئەوان لەبەردەم کڵێسا شایەتییان لەسەر خۆشەویستیی تۆ داوە. کارێکی باش دەکەیت کە بەو شێوەیە بە شایستەیی خودا بەڕێیان بکەیت،
7 چونکە ئەوانە لەبەر ناوی مەسیح هاتوونەتە دەرەوە و هیچ شتێکیان لە بێباوەڕان وەرنەگرتووە.
8 بۆیە پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەوانە بکەین تاکو بەیەکەوە کار بۆ ڕاستی بکەین.
9 بۆ کڵێسام نووسیوە، بەڵام دیۆتریفس کە دەیەوێت لەنێوانیاندا ببێتە یەکەم، پێشوازیمان لێ ناکات.
10 بۆیە ئەگەر هاتم، کردەوەکانی و ئەو غەیبەتانەی کە سەبارەت بە ئێمەی گوتووە دەیخەمەوە یادی. هەروەها بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو نایەوێت پێشوازی لە خوشکان و برایان بکات و هەر یەکێک بییەوێت پێشوازییان لێ بکات، ڕێی لێ دەگرێت و لە کڵێسا دەریدەکات.
دوای خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە
11 خۆشەویستم، لاسایی خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە. ئەوەی چاکە بکات لە خوداوەیە، ئەوەش خراپە بکات، خودای نەبینیوە.
12 دیمیتریۆس لەلایەن هەموو کەسێک و لەلایەن ڕاستیشەوە شایەتی بۆ دراوە. ئێمەش شایەتی دەدەین، ئێوەش دەزانن شایەتی ئێمە ڕاستە.
13 زۆرم هەبوو بۆتی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە قەڵەم و مەرەکەب بێت.
14 بەڵکو ئومێدەوارم بەم زووانە بتبینم تاکو ڕووبەڕوو قسە بکەین.
15 سڵاوت لێ بێت.
برادەران سڵاوت لێدەکەن. بە ناوەکانیان سڵاو لە برادەران بکە.