24
1 لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیم نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشی کردە سەری، یەهۆیاقیم سێ ساڵ ملکەچی بوو، بەڵام پاشان هەڵگەڕایەوە و لێی یاخی بوو.
2 جا یەزدان چەتەکانی بابلی و ئارامی و مۆئابی و عەمۆنییەکانی ناردە سەری، ئەوانی ناردە سەر یەهودا تاکو بەپێی ئەو وشەیەی یەزدان کە لەسەر دەستی بەندە پێغەمبەرەکانی فەرمووبووی لەناوی ببەن.
3 بێگومان ئەوەش بەپێی فەرمانی یەزدان بوو لەسەر یەهودا، بۆ ئەوەی بەهۆی گوناهەکانی مەنەشەوە لەبەردەمی خۆی لایانببات، بەهۆی هەموو ئەوەی کردی.
4 هەروەها بەهۆی ئەو خوێنە بێتاوانەی کە ڕشتی و ئۆرشەلیمیشی پڕکرد لە خوێنی بێتاوان، ئینجا یەزدان نەیویست بیبەخشێت.
5 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
6 یەهۆیاقیم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
7 پاشای میسریش جارێکی دیکە لە خاکەکەی خۆی دەرنەچوو، چونکە پاشای بابل لە دۆڵی میسرەوە هەتا ڕووباری فوراتی داگیر کردبوو، هەموو ئەو خاکەی کە هی پاشای میسر بوو.
پاشایەتی یەهۆیاکین
8 یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی نەحوشتای کچی ئەلناتان بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
9 ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک هەموو ئەوەی باوکی کردبووی.
10 لەو کاتەدا ئەفسەرەکانی نەبوخودنەسری پاشای بابل چوونە سەر ئۆرشەلیم و شارەکەیان گەمارۆ دا.
11 ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل خۆی هاتە سەر شارەکە، لە کاتێکدا ئەفسەرەکانی گەمارۆیان دابوو.
12 یەهۆیاکینی پاشای یەهودا لەگەڵ دایکی و خزمەتکارەکانی و میرەکانی و کاربەدەستانی خۆیان ڕادەستی پاشای بابل کرد.
لە ساڵی هەشتەمی پاشایەتی نەبوخودنەسر پاشای بابل، یەهۆیاکینی دەستگیر کرد.
13 پاشان نەبوخودنەسر هەموو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای بەتاڵ کرد، هەموو ئەو قاپوقاچاغە زێڕینانەشی برد کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل لە پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، هەروەک یەزدان فەرمووی.
14 هەموو ئۆرشەلیم، بگرە هەموو ئەفسەر و جەنگاوەر و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ڕاپێچ کرد، کە دە هەزار ڕاپێچکراو بوون. کەس نەمایەوە جگە لە ڕەشوڕووتەکانی گەلی خاکەکە.
15 نەبوخودنەسر یەهۆیاکینیشی ڕاپێچی بابل کرد، لەگەڵ دایکی پاشا و ژنەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی و ڕابەرانی خاکەکە، لە ئۆرشەلیم بە دیلی گرتن و بۆ بابل ڕاپێچی کردن.
16 هەروەها پاشای بابل هەموو جەنگاوەرە توانادارەکانی دەستگیر کرد کە ژمارەیان حەوت هەزار بوو، هەروەها پیشەوەر و زێڕنگەرە شارەزاکانیش هەزار کەس بوون، هەموو پاڵەوانەکانی جەنگی ڕاپێچی بابل کرد.
17 پاشای بابل مەتەنیای مامی یەهۆیاکینی لە جێیەکەی کردە پاشا و ناوەکەشی گۆڕی بۆ سدقیا.
پاشایەتی سدقیا
18 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو.
19 ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی.
20 لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن.
کەوتنی ئۆرشەلیم
ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.