20
ئاو لە تاشەبەردەکەوە
ئینجا نەوەی ئیسرائیل، هەموو کۆمەڵەکە هاتنە چۆڵەوانی چن لە مانگی یەکدا و گەل لە قادێش چادریان هەڵدا و لەوێدا مریەم مرد و لەوێش نێژرا.
ئاو نەبوو بۆ کۆمەڵ، جا لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە و گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «خۆزگە وەک براکانمان لەبەردەم یەزدان لەناوبچووینایە! بۆچی کۆمەڵی یەزدانتان هێنایە ئەم چۆڵەوانییە هەتا تێیدا خۆمان و مەڕوماڵاتمان بمرین؟ بۆچی ئێمەتان لە میسرەوە هێنایە دەرەوە تاکو بمانهێنن بۆ ئەم شوێنە خراپە؟ ئەم شوێنە دانەوێڵە و هەنجیر و مێو و هەناری لێ نییە، ئاوی خواردنەوەشی لێ نییە!»
جا موسا و هارون لەبەردەم کۆمەڵەوە هاتنە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بەسەر ڕوویاندا کەوتن و شکۆمەندی یەزدانیان بۆ دەرکەوت. یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکە ببە و کۆمەڵ کۆبکەرەوە، تۆ و هارونی برات لەبەرچاویاندا بەو تاشەبەردە بڵێن هەتا ئاوەکەی بدات، جا لە تاشەبەردەکەوە ئاویان بۆ هەڵدەقوڵێت و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیان ئاو دەدەیت.»
موساش گۆچانەکەی لەبەردەم یەزدانەوە برد وەک فەرمانی پێ کرد. 10 موسا و هارون جەماوەریان لەپێش تاشەبەردەکە کۆکردەوە، موسا پێی گوتن: «ئەی یاخیبووان گوێ بگرن، ئایا لەم بەردەوە ئاوتان بۆ دەربهێنین؟» 11 موسا دەستی بەرزکردەوە و بە گۆچانەکەی دوو جار لە تاشەبەردەکەی دا، جا ئاوێکی زۆر هەڵقوڵا و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیشیان لێیان خواردەوە.
12 بەڵام یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «لەبەر ئەوەی متمانەتان پێ نەکردم، تاکو لەبەرچاوی گەلی ئیسرائیل من بە پیرۆز نیشان بدەن، هەر لەبەر ئەوە ئەم کۆمەڵە نابەنە ناو ئەو خاکەی پێم داون.»
13 ئەمە مێرگی مەریبایە کە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزداندا دەمەقاڵێیان کرد و ئەویش لەنێویاندا پیرۆزی خۆی نیشان دان.
ئەدۆم ڕێگا بە ئیسرائیل نادات
14 ئینجا موسا لە قادێشەوە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای ئەدۆم نارد:
«ئیسرائیلی برات ئاوا دەڵێت: تۆ بە هەموو ناخۆشییەکانت زانی کە تووشمان هات. 15 باوکانمان چوونە میسر و ڕۆژانێکی زۆر لە میسر ماینەوە. میسرییەکان ئێمە و باوکانی ئێمەیان زەلیل کرد، 16 بەڵام هاوارمان بۆ یەزدان کرد و گوێی لە دەنگمان بوو، فریشتەیەکی نارد و لە میسر دەریهێناین.
«ئێستا ئێمە لە قادێشین کە شارۆچکەیەکە لە نزیکی سنووری خاکەکەت. 17 تکایە ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێبپەڕین، نە بە کێڵگەیەکدا دەڕۆین و نە بە ڕەزێکدا و نە ئاوی بیرێک دەخۆینەوە، لە شاڕێگای پاشاوە* دەڕۆین، نە بەلای ڕاست لادەدەین و نە بەلای چەپ هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە.»
18 بەڵام ئەدۆم وەڵامی دانەوە:
«بە خاکەکەماندا ناڕۆن، ئەگینا بە شمشێرەوە پەلامارتان دەدەم.»
19 نەوەی ئیسرائیلیش گوتیان:
«بە ڕاستەڕێدا دەڕۆین، ئەگەر خۆمان و مەڕوماڵاتەکانمان لە ئاوی تۆمان خواردەوە ئەوا نرخەکەی دەدەین، هیچی دیکە ناکەین تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین.»
20 دیسان ئەدۆم وەڵامی دانەوە:
«تێناپەڕن.»
ئینجا ئەدۆم بە سوپایەکی گەورە و دەستێکی توندەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرچوو. 21 ئەدۆم ڕازی نەبوو ئیسرائیل بە خاکی ئەودا تێبپەڕێت، ئیسرائیلیش لێی لادا.
مردنی هارون
22 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە قادێشەوە کۆچیان کرد و هاتنە کێوی هۆر، 23 یەزدانیش لە کێوی هۆر لەسەر سنووری خاکی ئەدۆم بە موسا و هارونی فەرموو: 24 «هارون دەچێتە پاڵ گەلەکەی، چونکە ناچێتە ناو ئەو خاکەی بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، چونکە ئێوە لەلای مێرگی مەریبا لە فەرمانم یاخی بوون. 25 هارون و ئەلعازاری کوڕی ببە سەر کێوی هۆر و 26 جلەکان لەبەر هارون دابکەنە و لەبەر ئەلعازاری کوڕی بکە، جا هارونیش دەچێتە پاڵ گەلەکەی و لەوێ دەمرێت.»
27 موساش ئاوای کرد وەک یەزدان فەرمانی دا و لەبەرچاوی هەموو کۆمەڵ بەسەر کێوی هۆر کەوتن. 28 ئینجا موسا جلەکانی لەبەر هارون داکەند و لەبەر ئەلعازاری کوڕی کرد، هارونیش لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە مرد. ئینجا موسا و ئەلعازار لە کێوەکە هاتنە خوارەوە. 29 کاتێک هەموو کۆمەڵ بینییان هارون مرد، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل سی ڕۆژ بۆ هارون گریان.
* 20:17 عیبری: ڕێگای پاشا، مەبەست لەو ڕێگایە کە لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی پاشادایە.‏ 20:18 عیبری: بەناو مندا.‏