زەبووری 75
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
ئەی خودایە، ستایشت دەکەین،
ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە،
خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.
 
تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم،
بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.*
بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“
بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»
 
نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی
لێی بخۆنەوە و هەتا خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.
 
بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»
* زەبووری 75:3 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏