زەبووری 82
زەبوورێکی ئاساف.
خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
لەنێو خوداوەندەکان* دادوەری دەکات.
 
«هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
لایەنگری بەدکاران دەکەن؟
بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
فریای لاواز و نەداران بکەون،
لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.
 
«نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن،
هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.
 
«من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»
 
خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە،
چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.
* زەبووری 82:1 ڕەنگە مەبەست لە بوونەوەرە ئاسمانییەکان (فریشتەکان) بێت، یان ئەوانەی پەیام و فەرمانەکانی خودایان بۆ دێت و جێبەجێی دەکەن. بڕوانە 82‏:6و بەراوردی بکە لەگەڵ یۆحەنا 10:34‏-36.‏ زەبووری 82:2 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏