20
گرتنی شاری ڕەبە
لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد. داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک* زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
جەنگی فەلەستییەکان
پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.
جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئێلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتە بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.
ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
* 20:2 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.‏ 20:5 هەرچەندە لە دووەم ساموئێل 21:19‏‏ نووسراوە کە ئێلحانان گۆلیاتی خۆی کوشت، بەڵام دەشێت چەند جەنگاوەرێکی فەلەستی هەبێت کە ناویان گۆلیات بوو.‏