5
ڕزگاربوون لە تووڕەیی خودا
کەواتە، لەبەر ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵ خودا ئاشتیمان هەیە، لە ڕێگەی ئەویشەوە ڕێپێدراویێتیمان* وەرگرت بەهۆی باوەڕ بێینە ناو ئەم نیعمەتەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین. شانازیش بە هیوای شکۆی خودا دەکەین. تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات، دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا، هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.
کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد. لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت. بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.
ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین! 10 لەبەر ئەوەی ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین! 11 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە شانازی بە خودا دەکەین، ئەوەی ئێستا بەهۆیەوە ئاشتبوونەوەمان وەرگرتووە.
ئادەم و مەسیح
12 لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.
13 بێگومان، پێش هاتنی تەورات گوناه لە جیهاندا بوو، بەڵام کە شەریعەتی تەورات نەبێت گوناه ناژمێردرێت. 14 کەچی مردن لە ئادەمەوە هەتا موسا حوکمڕانی دەکرد، تەنانەت بەسەر ئەوانەشەوە کە لە شێوەی یاخیبوونەکەی ئادەم گوناهیان نەکردبوو، کە نموونەی ئەو کەسەیە کە دێت§.
15 بەڵام دیاری وەکو گوناه نییە. ئەگەر زۆر کەس بە گوناهی کەسێک مردن، جا چەند زیاتر نیعمەتی خودا و دیارییەکە بەهۆی نیعمەتی مرۆڤێکەوە کە عیسای مەسیحە، بەسەر زۆر کەس ڕژا. 16 هەروەها ئەو دیارییە وەک ئەنجامی گوناهی مرۆڤێک نییە: چونکە حوکمدان لە یەک گوناهەوە تاوانبارکردنی هێنایە کایەوە، بەڵام دیاری لە گوناهی زۆرەوە بێتاوانیی هێنایە کایەوە. 17 ئەگەر بە گوناهی کەسێک، مردن لە ڕێگەی ئەو کەسەوە حوکمڕانی کرد، ئیتر چەند زیاتر ئەوانەی پڕیی نیعمەت و دیاری ڕاستودروستی* وەردەگرن، لە ژیاندا حوکمڕانی دەکەن بە کەسێک کە عیسای مەسیحە.
18 کەواتە وەک چۆن بە یەک گوناه تاوانبارکردن بۆ هەموو مرۆڤ هاتە کایەوە، بە هەمان شێوە بە کارێکی ڕاستودروست بێتاوانکردن هاتە کایەوە کە ژیان بۆ هەموو مرۆڤ دەهێنێت. 19 لەبەر ئەوەی وەک چۆن بە یاخیبوونی کەسێک زۆر کەس گوناهبار کران، بە هەمان شێوە بە گوێڕایەڵی کەسێک زۆر کەس بێتاوان دەکرێن.
20 تەورات هات تاکو گوناه زۆر بێت. بەڵام لەکوێ گوناه زۆر بوو، نیعمەت زۆر زیاتر بوو، 21 تاکو چۆن گوناه بە مردن حوکمڕانی کرد، ئاواش بە ڕاستودروستی نیعمەت حوکمڕانی دەکات بۆ ژیانی هەتاهەتایی بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
* 5:2 بڕوانە ئەفەسۆس 2:18‏‏.‏ 5:5 خۆشەویستی خودا بۆ ئێمە.‏ 5:9 لە تووڕەیی داهاتوو.‏ § 5:14 مەبەستی لە مەسیحە.‏ * 5:17 مەبەست لە بێتاوانی و ژیانی عیسای مەسیحە.‏