2
نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک
بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو بە ئاشتی و هێمنی و بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە بژین. ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بەرەو ناسینی ڕاستی بێن، چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش* لە کاتی گونجاو بوو. بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن و بێ تووڕەیی و مشتومڕ دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە. ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، 10 بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.
11 ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. 12 ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت، بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت، 13 چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. 14 هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. 15 بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.
* 2:6 شایەتیدانی ئەوەی کە خودا دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت.‏ 2:9 سەرنجی پیاو ڕانەکێشێت.‏ 2:12 مەبەستی ئەوەیە کە فێرکردن و سەرپەرشتیکردنی کڵێسا لە دەسەڵاتی پیاودایە.‏